ℹ️ دەربارەی ئێمە

مێژوو، ئامانجەکان، و ڕۆڵی سادات لە کۆمەڵگای کوردیدا

📜

مێژووی دامەزراندنی مەڵبەند

دوای پرۆسەی ئازادی ئێراق لەساڵی 2003 و ڕوخانی رژێم و، لەدوای دروست بونی چەند سەنتەر و مەڵبەندێکی رۆشنبيری و کۆمەڵايەتی تايبەت بە تيرە و هۆزەکانی کوردستان. کۆمەڵێك لەخزمانی ساداتی پيرخدری خۆنەويستانە کەوتنە ئەنجام دانی چەندين کۆبونەوە بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ دروست کردنی مەڵبەندێک بۆ کۆکردنەوەی خزمەکان. دواتر گەيشتنە ئەو باوەڕەی کە ئێمەش داوايەک پێشکەش بکەين بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان. دوای وەرگرتنی مۆڵەتی دامەزراندن لە کەرنەڤاڵێکی شايستە لەڕۆژی پێنج شەممە 18 / 5 / 2006 بە ئامادەبونی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری حزب و لايەنە سياسيەکان، سەرۆک هۆز و عەشيرەتەکانی کوردستان، پياو ماقوڵ و شێخانی تەريقەت، زانايانی ئاينی، رۆشنبيران، کەسايەتيە ديارەکان، دەزگاکانی راگەياندن و، به ئامادەبوونی نزيکەی دووهەزار کەس لە بنەماڵەکانی سادات مەڵبەندەکەمان بەناوی مەڵبەندی رۆشنبيری و کۆمەڵايەتی ساداتی پيرخدری شاهۆ دامەزراند.

«مەڵبەندی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی ساداتی پیرخدری شاهۆ؛ پێگەی کۆکردنەوە، یەکخستن و خزمەتکردنی نەوەکانی سادات لە کوردستان»

🎯

ئامانجمان

مەڵبەندەکەمان کار دەکات لەپێناو چەندین ئامانجی سەرەکی کە گرنگترینیان ئەمانەن:
🤝
قۆناغی یەکەم دوای دامەزراندن: پەیوەندی کردن و ناساندنەوەی نەوەکانی ساداتی پیرخدری بوو بە یەکتر، کە تا ئێستا و لە ئەنجامی گەڕان و پەیوەندی دەرکەوتووە کە نزیکەی 138 بنەماڵەی ساداتی پیرخدری شاهۆ نیشتەجێی شار و شاروچکە و گوندەکانی هەرێمن، هەر بنەماڵەیەک نزیکەی 50 بۆ 200 خێزان پێک دێنن. بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمیشەوە نزیکەی 200 دووسەد هەزار نفوسمان هەیە.
⚖️
لەبواری کۆمەڵایەتی: چارەسەرکردنی دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی بەڕەچاوکردنی سەروەری یاسا، سازدان و ئەنجام دانی دەیان کۆبوونەوە، سەردانی بنەماڵەکان، بەشداری لە بۆنە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان.
📚
لەبواری ڕۆشنبیری: دەرچواندنی گۆڤاری شاهۆ و چەندین کتێب و نامیلکە، سازدانی دەیان کۆڕی ڕۆشنبیری و کردنەوەی خولی جۆراوجۆر لەبواری ژینگە پارێزی، زمان و کۆمپیوتەر.
👥
چالاکی گشتی: بەشداری بوون لە زۆربەی کۆنگرە و کۆڕەکان لەسەر ئاستی جیاجیا.
👑

ڕۆڵی سادات لە کۆمەڵگای کوردیدا

ئەگەر بەوردی سەرنجی مێژووی کوردیمان بدەیت، ئەوا بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە لەدوای بڵاوبوونەوەی ئاینی ئیسلام لەکوردستان سادات دەورێکی گەورەیان لە هەموو بوارەکاندا هەبووە.

لەبواری ئەدەبی و ڕۆشنبیری و فێربوونی زانست و زانیاری:
توانیویانە ببنە خاوەنی چەندین تەکیە و خوێندنگە و حوجرە و بەسەدان کەسیان پێگەیاندووە لە ئەدیب، شاعیر، نووسەر، مێژوونووس، چاکەخواز و بانگخواز. تەنانەت گەورەترین شاعیرانی کوردمان لە ڕەوتی کلاسیکی ئەدەبیماندا ئەوانەن کە دەرچووی حوجرە و تەکیەکانن، وەکو مەولەوی، مەحوی، وەفایی، بێخود و... هتد.

لەبواری کۆمەڵایەتی و چارەسەری کێشەکان:
لە سەردەمێکدا تەکیەکان وەکو بنکەی چارەسەری کۆمەڵایەتی وابوون و، ڕۆڵی گەورەیان لە کوژاندنەوەی شەڕ و توندوتیژیدا هەبووە و پەیوەندی خزمایەتییان پتەوتر کردووە. سادات بۆ بنبڕکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هۆز، تیرە، گوند و شارەکان، ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە و جێگەی ڕاوێژ و پرس و ڕا بوون.

لەبواری سیاسی و نیشتمانی:
لە ڕووی سیاسییەوە بەشدار بوون لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا و لە تێکڕای شۆڕشەکاندا بەشداری کاریگەریان هەبووە.
🏠 سەرەکی 📢 چالاکی 📚 کتێبخانە ℹ️ دەربارە 👤 چوونەژوورە